پەیڕەوی ناوخۆ

 

 

پەیڕەوی ناوخۆی

فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی

Federation of Civil Society Organizations

 FCSO

اتحاد منظمات المجتمع المدنی

شکۆمەندی مرۆڤ، سەروەری یاسا، بەکولتوورکردنی بەها دیموکراسییەکان.

ئەم پەیڕەوە پەسەندكراوی كۆنفرانسە، لە رۆژی (3/5/2025)

 

 

 

بەشی یەكەم

 ناسنامەی فیدراسیۆن

ماددەی یەكەم

 ناو و لۆگۆ

1- ناو:

*ناو بە زمانی کوردی: فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی

*ناو بە زمانی ئینگلیزی: Federation of Civil Society Organizations

*ناو بە زمانی عەرەبی: اتحاد منظمات المجتمع المدني

* كورتكراوەی ناوی فیدراسیۆن بە ئینگلیزی (FCSO)

2- لۆگۆی فیدراسیۆن:

لەسەر چوارگۆشەکی باگراوند سپی، بازنەیەکى رەنگ پیرۆزەی هەیە، کە بە هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی ناوی فیدراسیۆنی لەگەڵ ساڵی 2006ی لەسەر نووسراوە، لە ناو بازنەکەشدا، هەردوو پیتی (F) و (C) کە بەپیچەوانەوە نووسراوە، لەگەڵ ناوی فیدراسیۆن بە ئینگلیزی و یەکەم پیتی هەر چواروشەی (Federation, Civil, Society, Organizations) نوسراوە.

 

ماددەی دووەم

 پێناسە، درووشم، سنووری کارکردن و ئۆفیسی فیدراسیۆن

  • پێناسە: فیدراسیۆن تۆڕێكی سەربەخۆی بێلایەنی خۆبەخشە، لەکۆمەڵێک رێکخراوی ناحکومی و چالاكوانانی مەدەنی پێكدێت؛ وەك گروپێكی فشار بۆ بەدیهێنانی بنەماكانی دیموكراسی و بەرگریكردن لە مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا كاردەكات.
  • دروشمی فیدراسیۆن: (شكۆمەندی مرۆڤ، سەروەریی یاسا، بە كولتووركردنی بەها دیموكراسییەكان).
  • سنوری کارکردن: فیدراسیۆن لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکات.
  • نوسینگە: فیدراسیۆن نوسینگەی نییە، بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی نوسینگەی ڕێکخراوە ئەندامەکانی بەکاردەهێنێت.

 

 

بەشى دووەم

 ئامانج، ئامراز و شێوازی کارکردن

ماددەی سێیەم

 ئامانجەكان

  • چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی، مافی مرۆڤ‌ و بەرجەستەكردنی مافی هاووڵاتیبوون.
  • بە دامەزراوەییكردنی دەسەڵاتە گشتییەكان، چەسپاندنی شەفافیەت‌ و مافی بەدەستهێنانی زانیاریی.
  • داكۆكیكردن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری ‌و سەروەری یاسا.

 

ماددەی چوارەم

ئامرازەکانی كاركردن

فیدراسیۆن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی، ئەم ئامرازانە دەگرێتەبەر:

  • سازدانی (سیمینار، ۆركشۆپ، مێزگرد، ڕاهێنان، كۆنفرانس، هتد).
  • بەکارهێنان و سوود وەرگرتن لە میدیا.
  • ئامادەكردن‌ و بڵاوكردنەوەی (نوشتاوە، نامیلکە، ڕاوەرگرتن، ڕاپرسی، ڕاپۆرت، توێژینەوە، نەخشەڕێگا، هتد).
  • فشارکردن لە ڕێگەی (هۆشیاریی کۆمەڵگەیی، واژۆكۆكردنەوە، هەڵمەتی داكۆكیكردن، ڕێپێوان، خۆپیشاندان، مانگرتن، هتد).
  • كارکردنی هاوبەش لەگەڵ دامەزراوەكانی دیکەدا.

 

ماددەی پێنجەم

 شێوازەكانی كاركردن

  • بەگەڕخستنی ئەندامانی فیدراسیۆن بە گوێرەی تایبەتمەندی (ڕێكخراو، ئەندام) لە چالاكی و لیژنەكاندا.
  • لیژنە هەمیشەییەکان لە لایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن سەرپەرشتی دەكرێن.
  • لە کۆنفرانسدا سێ‌ (پرس، بابەت، پەڕوەند) لە چوارچێوەی ئامانجەکانی فیدراسیۆندا، بۆ کارکردن دیاریدەكرێن.
  • دروستكردنی لیژنەی تایبەت بۆ هەر ئەرک و چالاكییەك.

 

بەشی سێیەم

 ئەندامێتی لە فیدراسیۆن

ماددەی شەشەم

أ: مەرجەكانی ئەندامێتی بۆ ڕێكخراو

  • ڕێکخراوی نا حکومی تۆمارکراوبێت و بە نووسراو داوای ئەندامێتی بکات.
  • واژووی پابەندێتی بە پەیڕەوی ناوخۆ و ڕێبەری كاركردن بکات.
  • ئامادەبێت خۆبەخشانە ئەركێكی فیدراسیۆن لە ئەستۆ بگرێت.
  • پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤ كاری نەکردبێت.
  • بە بڕیاری دادگا، یان دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەی فیدراسیۆن، بە گەندەڵی و کاری نایاسایی لەکەدار نەبێت.
  • بەخشینی ئابوونەی ساڵانە.
  • ڕێكخراوی ئەندام، لە ئاستی باڵای رێكخراوەكەیدا دوونوێنەر بۆ فیدراسیۆن دیاریبكات، بە ڕەچاوكردنی هاوسەنگی ڕەگەزی.
  • ئەو ڕێكخراوە ئەندامەی نەتوانێت كەسی یەكەمی رێكخراوەكەی بکات بە نوێنەر، دەبێت بە نووسراوی فەرمی، دەسەڵاتی بڕیاردان ‌و پابەندبوون بە بڕیارەكانی فیدراسیۆن بە نوێنەرەكانی بدات.
  • نوێنەرانی ڕێكخراوی ئەندام، هاوتان لە بەرپرسیارێتی و ئەرك و مافدا.
  • وابەستەی بە پارتی سیاسیی، رەنگدانەوەی نەبێت لەسەر رۆڵ و پێگەی.

 

ب: مەرجەكانی ئەندامێتی بۆ چالاكوان (تاكەکەس)

  • بە نووسراو داوای ئەندامێتی بکات.
  • واژووی پابەندێتی بە پەیڕەوی ناوخۆ و ڕێبەری كاركردن بکات.
  • وابەستەی بە پارتی سیاسیی، رەنگدانەوەی نەبێت لەسەر رۆڵ و پێگەی و داکۆکیکاری نا مەدەنی نەبێت لە حزب، لە پێگەی كۆمەڵایەتی و دەزگاكانی ڕاگەیاندن.
  • بە بڕیاری دادگا یان دەرئەنجامی لێكۆلینەوەی فیدراسیۆن، بە گەندەڵی و کاری نایاسایی لەکەدار نەبێت.
  • ئامادەبێت خۆبەخشانەی ئەركێكی فیدراسیۆن لە ئەستۆ بگرێت.
  • لانی کەم ئەزموونی دووساڵ کارکردنی لەناو ڕێکخراوی مەدەنی هەبێت.

 

ماددەی حەوتەم

 مافەكانی ئەندام

  • مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتنی هەیە بۆ هەموو ئۆرگانەكانی فیدراسیۆن (جگە لەئەنجوومەنی بەدواداچوون).
  • لە چوارچێوەی بەدیهێنانی ئامانجەكانی فیدراسیۆندا ڕووبەڕووی هەر كێشەیەك ببێتەوە، فیدراسیۆن بەرگری لێدەكات.
  • پشتگیریكردنی فەرمی لە لایەن فیدراسیۆنەوە بە مەبەستی پشتڕاستكردنەوەی ئەندامێتی.

 

ماددەی هەشتەم

لەدەستدانی ئەندامێتی

یەکەم: لەدەستدانی ئەندامێتی ڕێكخراو

  • دوای ئامادەنەبوونی نوێنەری ڕێکخراو، لە دوو كۆبوونەوەی لەدوایەكی ئەنجوومەنی گشتی بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت، فیدراسیۆن ئاگاداری نوسراو پێشکەش بە ڕێکخراوەکە دەکات، و ئەگەر لە کۆبوونەوەی سێیەمدا ئامادەنەبوو، مافی ئەندامێتی لە ڕێکخراو وەردەگرێتەوە.
  • ئامادەنەبوونی لە دوو چالاكی لەدوایەكی پێسپێردراودا، هەمان رێکاری خاڵی یەکەم دەگیرێتەبەر.
  • لەدەستدانی یەكێك لە مەرجەكانی ئەندامێتی، دوای پەسەندکردنی ئەنجوومەنی گشتی.
  • زیانی مادیی یا مەعنەویی بە فیدراسیۆن بگەیەنێت، دوای پەسەندکردنی ئەنجوومەنی گشتی.
  • بە نووسراوی فەرمی داوای دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بکات، و ئەنجوومەنی گشتی پەسەندی بكات.
  • هەڵوەشاندنەوەی رێكخراو.

دووەم: گۆڕینی نوێنەری ڕێكخراو

  1. ئەگەر نوێنەری ڕێکخراو، لە دوو كۆبوونەوەی لە دوایەكی ئەنجوومەنی گشتی بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت ئامادەنەبوو، بە نوسراوی فەرمی رێکخراو ئاگاداردەکرێتەوە، ئەگەر بۆ فیدراسیۆن دەرکەوت کەمتەرخەمییەکە لە نوێنەرەکەوەیە، ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن، داوای گۆڕینی نوێنەر دەخاتە بەردەم ئەنجوومەنی بەدواداچوون، بۆ بڕیار لێدان لەسەر داواکە و ناردنی داوای گۆڕینی نوێنەر.
  2. ئامادەنەبوونی لە دوو چالاكی لەدوایەكی پێسپێردراودا، هەمان رێکاری خاڵی یەکەم دەگیرێتەبەر.
  3. بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت، ئامادەی سێ كۆبوونەوەی لەدوایەكی لیژنە تایبەتمەندەكەی نەبێت.
  4. ئەگەر نوێنەری ڕێکخراو، پاڵێوراوبوو بۆ پۆستێکی پلە تایبەت/باڵا (حزبی، حکومی، پەرلەمانی)، ئەرکی ڕێکخراوە، لە دوای ئاگاداربوون لە بەربژێربوونی ئەندامەکەی، بە نووسراوی فەرمی، نوێنەرەکەی بگۆڕێت، ئەگەر ڕێکخراو دەستپێشخەری نەکرد، ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، ئاگاداری ئەنجوومەنی بەدواداچوون دەکات و ئەوانیش بە نووسراوی فەرمی کۆتایی بە ئەندامێتی نوێنەرەکە دەهێنێت و داوای دیاریکردنی نوێنەری دیکە لە ڕێکخراوەکە دەکات.

سێیەم: لە دەستدانی ئەندامێتی چالاکوان

  1. دوای ئامادەنەبوونی، لە دوو كۆبوونەوەی لەدوایەكی ئەنجوومەنی گشتیدا بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت، بە نووسراوی فەرمی فیدراسیۆن ئاگاداردەکرێتەوە، ئەگەر لە کۆبوونەوەی سێیەمدا ئامادەنەبوو، مافی ئەندامێتی لێ وەردەگیرێتەوە.
  2. بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت، ئامادەی سێ كۆبوونەوەی لەدوایەكی لیژنە تایبەتمەندەكەی نەبێت.
  3. ئەگەر چالاکوان، پاڵێوراوبوو بۆ پۆستێکی پلە تایبەت/باڵا (حزبی، حکومی، پەرلەمانی)، ئەرکێتی، لەگەڵ دڵنیابوونی لە بەربژێربوون، دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بە ئەنجومەنی بەڕێوەبردن بکات، ئەگەر چالاكوان ئەم كارەی نەكرد ئەوا بە بڕیاری ئەنجومەنی گشتی، مافی ئەندامێتی لێ وەردەگیرێتەوە.
  4. لەدەستدانی یەكێك لە مەرجەكانی ئەندامێتی.
  5. زیانی مادیی یا مەعنەویی بە فیدراسیۆن بگەیەنێت.

چوارەم: رێکاری کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی 

ئەم ڕێکارانە، دەگیرێتەبەر لە دەرەوەی سێ بڕگەی سەرەوە، کە تایبەت بە ئەندامێتی ڕێکخراو و گۆڕینی ئەندام.

  1. ئاگاداركردنەوە. بەگوێرەی ریزبەندیی (پێڕاگەیاندن، سەرنجڕاكێشان، ئاگاداركردنەوەی كۆتایی)، هەرسێكیان بە بەنووسراوی فەرمی، ئاڕاستەدەكرێن.
  2. هەڵپەساردن.
  3. لێسەندنەوەی ئەندامێتی.

 

ماددەی نۆیەم

 تێڕوانینی فیدراسیۆن لەسەر کارکردنی ئەندامانی لە حزب و دامەزراوە گشتیەکان

  1. ئەندام بوون لە پارتە سیاسییەکان مافێکی یاسایی و سروشتییە.
  2. پاراستنی بنەمای بیلایەنی و بابەتی لە کارکردنی لەناو فیدراسیۆن مەرجی ئەندامێتییە.
  3. وەرگرتنی پلەی دیاری حزبی، دەبێتە هۆی لە دەستدانی یەکێک لە مەرجەکانی ئەندامێتی.
  4. داکۆکیکردن و بانگەشەی نا مەدەنی بۆ حزب، لە پێگەی كۆمەڵایەتی و دەزگاكانی ڕاگەیاندن، دەبێتە هۆی لە دەستدانی یەکێک لە مەرجەکانی ئەندامێتی.
  5. ئەندامی فیدراسیۆن لە کاتی خۆپاڵاوتندا بۆ یەکێک لە دامەزراوە گشتییەکان، دەبێت دەستلەکارکێشانەوە لە فیدراسیۆن پێشکەش بکات.
  6. ئەگەر نوێنەری رێکخراو بوو، بە ڕێوشوێنی ماددەی هەشت، بڕگەی (٢) خاڵی (٨)، نوێنەر دەگۆڕدرێت.

 

ماددەی دەیەم

 تێڕوانینی فیدراسیۆن بۆ پاڵێوراوان لە لیستی سەربەخۆدا

ئەگەری سەرکەوتن بۆ بەربژێری سەربەخۆ لە هەڵبژاردنەکاندا کەمە، بەڵام ئەگەر چووە پاڵ حزبێک بۆ گەیشتنی بە پۆستە گشتییەکان، ئێمە مامەڵەی سەربەخۆی لەگەڵ دەکەین. بەم ڕێکارانە:-

  1. دوای ئاکامەکانی هەڵبژاردن، ئەگەر دەرچوو، ئەوا دەست لەکارکێشانەوەکەی بەردەوامە، ئەگەر سەرنەکەوت، ویستی گەڕاندنەوەی هەبوو بۆ ناو فیدراسیۆن ئەوا مەرجە دانراوەکانی ئەندامی بەسەردا جێ بەجێ دەکرێت و رێز لە پێشینەی دەگیرێت.
  2. پێویستە خۆی بە فەرمی رایبگەیەنێت پەیوەندی بە کاری حزبییەوە نییە، وە بەڵێننامە بدات بە فیدراسیۆن کە لەکارکردندا سەربەخۆی دەپارێزێت.
  3. لە ڕووماڵەکانی خۆیدا، داکۆکی لەو پارتە سیاسییە نەکات، کە خۆی تێدا بەربژێر کردبوو.
  4. لە کۆنفرانسی دوای دووبارە بوونەوەی بە ئەندام، تەنها بۆ خولی نوێی، مافی خۆ کاندیدکردنی بۆ ئەندامێتی لە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن نییە.

 

 

بەشی چوارەم

پەیكەربەندیی فیدراسیۆن

ماددەی یازدەیەم

دەسەڵات لە فیدراسیۆندا لەسەر دوو ئاست بەڕێوەدەچێت:

یەکەم-کۆنفراس:- لە ئەندامانی فیدراسیۆن پێكدێت، بەرزترین دەسەڵاتە لە فیدراسیۆندا، بڕیارە چارەنووسسازەکان یەکلاییدەکاتەوە، دوای تێپەڕبوونی دووساڵ و لە وەرزی یەکەمی ساڵی سێیەمدا، بە ئامادەبوونی زۆرینەی سادەی ئەندامان دەبەسترێت.

ئەرک و دەسەڵاتەکان:-

  • متمانە بەخشین بە ئەندامانی ئەنجوومەنی بەدواداچوون، بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامان.
  • گۆڕین و هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و ڕێبەری کارکردن، بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامان.
  • هەڵبژاردنی ڕێكخەری فیدراسیۆن، بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامان.
  • هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن بە زۆرینەی سادەی دەنگی ئەندامان.
  • پەسەندکردنی ڕاپۆرتی ساڵانەی دارایی و چالاکی فیدراسیۆن.
  • داڕشتنی دیدگە و پەیام، پێداچوونەوە بە ئامانجەکانی فیدراسیۆن لەسەر بنەمای SMARTER، کە پێش کۆنفرانس ئەنجام دەدرێت، بەڵام پێویستە ئەنجومەنی بەڕێوەبردن بە بەشداری (٣) نوێنەر لە ئەنجومەنی گشتی و (٢) ئەندام لە ئەنجومەنی بەدواداچوون، رەشنووسی ئامانجە گۆڕدراوەکان بۆ کۆنفرانس ئامادەبکەن.

دووەم- ئەنجوومەنەکانی فیدراسیۆن فیدراسیۆن لە (٣) ئەنجوومەنی سەرەكی پێكدێت:

1- ئەنجوومەنی گشتی

2-ئەنجوومەنی بەدواداچوون

3-ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن

 

ماددەی دوازدەیەم

ئەنجوومەنی گشتی

أ: ئەرك و دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی گشتی

  • دیاریکردنی (ڕێکخەر، ئەندامانی ئەنجوومەنی بەدواداچوون و بەڕێوەبردن) لەکاتی درووستبوونی کەلێندا.
  • پەسەندکردنی پلانی ساڵانەی کارکردنی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن.
  • گفتوگۆ لەسەر ڕاپۆرتی ساڵانەی چالاکی و دارایی فیدراسیۆن.
  • بڕیاردان لەسەر وەرگرتنی ئەندامی نوێ، بە زۆرینەی سادەی دەنگی ئەندامان.
  • بڕیاردان لەسەر كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی، بە زۆرینەی سادەی دەنگی ئەندامان. بە پێی (ماددەی هەشتەم/ بڕگەی چوارەم).

ب: كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی گشتی

  • لە باری ئاساییدا هەموو سێ مانگ جارێك (وەرزانە) كۆدەبێتەوە.
  • لە باری نائاساییدا لەسەر داوای زۆرینەی سادەی ئەندامان كۆدەبێتەوە و بڕیارەکانی کۆبوونەوە دەخرێتەوە بەردەستی سەرجەم ئەندامان، داوی بەدەستهێنانی نیوە زیاتر هەموو ئەندامان، بڕیارەکان دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
  • لەسەر داوای زۆرینەی سادەی ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن، كۆبوونەوەی تایبەت دەبەستێت بۆ بڕیاردان لەسەر ناوەڕۆكی داواكە.
  • كۆبوونەوەكان سیفەتی یاسایی وەردەگرن، بە ئامادەبوونی (نیوە) زیاتری ئەندامان و بڕیاڕ وەرگرتن، لە کۆبوونەوە ئاساییەکانی ئەنجوومەندا بە زۆرینەی سادەی ئامادەبوان دەبێت.
  • پێویستە هەردوو نوێنەری ڕێكخراوی ئەندام لەكۆبونەوەكانی ئەنجوومەنی گشتیدا بەشداریبكەن و مافی دەنگدانیشان هەیە.

 

 

 

 

 

ماددەی سیازدەیەم

ئەنجوومەنی بەدواداچوون

أ: پێناسە

ئەنجوومەنی بەدواداچوون (لانیكەم) لە پێنج ئەندامی سەربەخۆ پێكدێت، كە ئەندام و بۆردی هیچ رێكخراوێكی ناو فیدراسیۆن و نین، خۆبەخشانە ‌و بەپشتبەستن بە پەیڕەوی ناوخۆ و ڕێبەری کارکردن، سەرپەرشتیاریی، چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ بەڕێوەبردن و كار و چالاكییەكانی فیدراسیۆن دەكەن.

ب: پێكهاتە و میكانیزمی كاركردنى ئەنجوومەنی بەدواداچوون

  • پێویستە لانیكەم (سێ‌ یەكی) ئەندامانی ئەنجوومەنەكە لە رەگەزی مێ بن.
  • بڕیار لە ئەنجوومەنی بەدواداچووندا بە دەنگی زۆرینە سادە وەردەگیرێت.
  • ئەنجوومەن، وەرزانە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدەدات.
  • كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی بەدواداچوون، سیفەتی یاسایی وەردەگرن بە ئامادەبوونی (نیوە) زیاتری ئەندامان.
  • وەرگرتنی بڕیار لە کۆبوونەوەیەکدا کە نیوە زیاتر ئەندامان ئامادەبن، بەكۆی دەنگی ئامادەبوان وەردەگیرێت.

ج: ئەرك و دەسەڵاتەكانى ئەنجوومەنی بەدواداچوون

  • سەرپەرشتیكردنی کۆنفرانس و پڕۆسەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی فیدراسیۆن دەکات.
  • بەرپرسە لە بەدامەزراوەییكردنی فیدراسیۆن، لەمیانەی پابەندكردنی فیدراسیۆن بە كاركردن بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ و ڕێبەری کارکردن.
  • یەكلاییكردنەوەی بۆچوونە ناکۆکەکان.
  • پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی (ڕێكخەر، ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن) دەخاتە بەردەم ئەنجوومەنی گشتی بۆ دەنگدان.
  • دوای هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی پابەندی ‌و بەجێگەیاندن، رێكارەكانی ئاگاداركردنەوەی ئەندامی كەمتەرخەم دەگرێتەبەر و بەپێی ڕێکارەکانی (ماددەی هەشتەم) داوای گۆڕینی نوێنەر دەکات.
  • دوای گرتنەبەری ڕێکارەکانی (ماددەی هەشتەم)، پرسی بەردەوامی ئەندامێتی چالاکوان، دەخاتە بەردەم ئەنجوومەنی گشتی بۆ دەنگدان.
  • داوای كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و گشتی دەکات، بۆ تاوتوێکردنی پرسێکی دیارکراو.

د: مەرجەكانی ئەندامێتی لە ئەنجوومەنی بەدواداچوون

  • لانیکەم خاوەنی (٥) ساڵ ئەزموونی كاركردن بێت لە بواری ڕێكخراوەییدا، یان هەڵگری پسپۆڕییەک بێت کە بۆ فیدراسیۆن پێویستە.
  • پابەندبێت بە پەیڕەوی ناوخۆ و ڕێبەرێکی کارکردنی فیدراسیۆن.
  • ئامادەبێت بە خۆبەخشی ئەركێكی ئەنجوومەنەكە لە ئەستۆبگرێت.

هـ: رێکارەکانی دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی بەدواداچوون

  1. بەپشتبەستن بە مەرجەکانی ئەندامێتی، هەردوو ئەنجوومەنی بەدواداچوون و بەڕێوەبردن پێکەوە لەسەر ناوی ژمارەیەک کەسایەتی ڕێکدەکەون و دەیخەنە بەردەم ئەنجوومەنی گشتی بۆ دەنگدان.
  2. لیژنەیەکی تایبەت لە هەردوو ئەنجوومەنەکە پێکدەهێندرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پاڵێوراوەکان بەڕیزبەندی.
  3. ئەوکەسایەتیانەی وەڵامی ئەرێنی فیدراسیۆن دەدەنەوە ڕاستەوخۆ دەبنە ئەندامی کۆنفرانسی فیدراسیۆن.
  4. لە کۆنفرانسدا، یەکەم بڕگەی کار، متمانە بەخشین دەبێت بە پاڵێوراوان بۆ ئەنجوومەنی بەدواداچوون.

 

ماددەی چواردەیەم

ئەنجوومەنی بەرێوەبردن

ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن لە پێنج ئەندام و نوێنەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دەرەوەی ناوەندی پارێزگای سلێمانی پێكدێت، لەکۆنفرانسدا بە شێوەی نهێنی هەڵدەبژێردرێن و متمانەپێدراوان مافی رەتکردنەوەی متمانەکەیان نییە.

یەكەم: ئەندامێتی لە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن

  • لانی کەم سێ‌ ساڵ ئەزموونی بەرچاوی رێكخراوەیی هەبێت.
  • نوێنەری ڕێكخراوی ئەندام بێت لە فیدراسیۆن.
  • دەبێت لانیكەم دوو لە ئەندامە هەڵبژێردراوەکان ئەندامی خولی پێشووتربن.
  • پێویستە ئەندامێكی ئەنجوومەنەكە یاساناسێكی شارەزا‌ و خاوەن ئەزموون بێت.
  • پێویستە لانیكەم (سێ‌ یەكی) ئەندامانی ئەنجوومەنەكە لە رەگەزی مێ بن.
  • نابێت هیچ ڕێکخراوێک، لەیەککاتدا هەردوو نوێنەرەکەی ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن بێت.
  • ئەگەر دوو ئەندامی یەک ڕێکخراو، دەنگی پێویستیان بۆ بوون بە ئەندامی ئەنجوومەن بەدەستهێنابوو، بۆ هەڵبژاردنی یەکێکیان دەنگدان لە نێوانیاندا دەکرێتەوە.
  • کاتێک دوو ئەندام، بۆ ئەندامی پێنجەمی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن دەنگیان یەکسان دەبێت، بۆ هەڵبژاردنی یەکێکیان دەنگدان لە نێوانیاندا دەکرێتەوە.

دووەم: لەدەستدانی ئەندامێتی لە ئەنجوومەنی بەرێوەبردن

بۆ لە دەستدانی ئەندامێتی لە ئەنجوومەنی بەرێوەبردندا، پشت بە هەمان مەرجەكانی لەدەستدانی ئەندامێتی دەبەسترێت، كە لە (ماددەی هەشتەم)دا هاتووە.

سێیەم: ئەرك و دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی بەرێوەبردن

  • بەڕێوەبردنی كاروچالاكییەكانی فیدراسیۆن بەپێی ئەو پلان و نەخشەیەی كە لەلایەن ئەنجوومەنی گشتییەوە پەسەندکراوە.
  • مانگانە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجامدەدات.
  • لەباری نائاساییدا، لەسەر داوای (2/ 3) ئەندامان كۆدەبنەوە.
  • بانگهێشتكردنی ئەنجوومەنی گشتی بۆ كۆبوونەوەی ئاسایی و تایبەت.
  • ئامادەكردن و پێشكەشكردنی راپۆرتی شەش مانگی چالاكی و دارایی، بە ئەنجوومەنی گشتی.
  • بریاردان لەسەر خەرجییەكانی فیدراسیۆن.
  • لەكاتی ڕوودانی هەرگرفتێكی ناو فیدراسیۆن، كە چارەسەری لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردندا بێـت، گرفتەکە دەخاتەبەردەم ئەنجوومەنی بەدواداچوون.

چوارەم: پێکهاتەی ئەنجوومەنی بەرێوەبردن

  • بەشی کارگێری و دارایی
  • بەشی سەرچاوە مرۆییەکان
  • بەشی میدیا و پەیوەندییەکان
  • بەشی چالاکییەکان
  • بەشی ئەرشیف و گەشەپێدانی سیستەم (IT)

 

ماددەی پازدەیەم

 ڕێكخەری فیدراسیۆن

بەرپرسی یەكەمی ناو فیدراسیۆنە، سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی هەردوو ئەنجوومەنی گشتی و بەڕێوەبردن دەكات، ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی كۆنفرانسەوە هەڵدەبژێردرێت.

یەكەم: ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی رێكخەر

  • هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی بەرێوەبردن بە دەنگی زۆرینەی سادە و هەڵبژاردنی رێكخەری فیدراسیۆن بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامان، لە یەك ڕێککەوت و دوابەدوای یەك، بەشێوەیەكی راستەوخۆ و نهێنی ئەنجامدەدرێت.
  • لە کۆنفرانسدا، دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن، دەنگدانی دووەم ئەنجامدەدرێت بۆ هەڵبژاردنی ڕێکخەر لەناو ئەندامە هەڵبژێردراوەکاندا.
  • لەكاتی مۆڵەتدا، ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن بە دەنگی نیوە زیاتر، ڕێکخەرێکی کاتی لەنێوخۆیاندا دیاریدەکەن، هەتا گەڕانەوەی ڕێکخەر.
  • لەكاتی دەستلەكاركێشانەوە یان بەخشینی لە ئەرکی ڕێکخەری، ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن کارەکانی ڕێکخەر بەڕێوەدەبن هەتا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی سازدەکرێت، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ڕێکخەری نوێ، یان دەنگدان بە دووەم زۆرترین دەنگ بۆ ڕێکخەر.
  • بەهیچ پاساوێك رێكخەری خولی پێشتر ناتوانێت خۆی بۆ رێكخەری خولی نوێ، بپاڵێوێت.

 

دووەم: ئەرك و دەسەڵاتەكانی رێكخەر

  • سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی گشتی و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن دەكات.
  • سەرپەرشتی كارو چالاكییەكانی فیدراسیۆن دەكات.
  • بەرپرسە لە وەرگرتنی راپۆرتی بەش و لیژنەکان.
  • واژۆی نوسراوە فەرمییەكانی فیدراسیۆن دەكات.
  • دەسەڵاتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هەیە.
  • نوێنەرایەتی فیدراسیۆن دەكات لە بەردەم دامودەزگا حكومی و ناحكومیدا.

 

 

بەشى پێنجەم

دارایی و تۆمارەکانی فیدراسیۆن

ماددەی شازدەیەم

 داهاتى فیدراسیۆن

  • سەرچاوەی دارایی فیدراسیۆن پێكدێت لە ئابوونەی رێكخراوە ئەندامەكان.
  • ئابووونەی ڕێكخراوی خاوەن پڕۆژەی پاڵشتیكراو بڕی سەدهەزارە، ئابوونەی رێكخراوێك کە پڕۆژەی پاڵپشتیكراوی نەبێت، بڕی پەنجا هەزار دینارە.
  • ئەو ئابوونەیەی لە ئەندامان وەردەگیرێت، دەچێتە سندوقی فیدراسیۆن بۆ دابینکردنی خەرجی چالاکییەکان.

 

ماددەی حەڤدەیەم

چاودێرى و ژمێریارى

سەرجەم داهاتى رێکخراو لە لای ئەمین سندوقی فیدراسیۆن دەپارێزرێت. بە گوێرەى سیستەمى ژمێریارى پەیڕەوکراو لە هەرێم، دارایى فیدراسیۆن بەرێوە دەربرێت.

 

 

ماددەی هەژدەیەم

تۆمارەكانی فیدراسیۆن

أ: تۆمارەكانی ئەنجوومەنی گشتی:

  • تۆماری كۆبوونەوەكان.
  • تۆماری بڕیار و ڕێنماییە كارگێڕییەكان.

ب: تۆمارەكانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن:

  • تۆماری كۆبوونەوەكان.
  • تۆماری بڕیار و ڕێنماییە كارگێڕییەكان.
  • تۆماری ژمێریاری.
  • تۆماری ئەندامان.

ج: تۆمارەكانی ئەنجوومەنی بەدواداچوون:

  • تۆماری كۆبوونەوەكان.
  • تۆماری بڕیار و ڕێنماییە كارگێڕییەكان.
  • تۆماری راپۆرتی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و لیژنەی چالاكییەكان.
  • پەڕوەندی ئەندامان.
  • تۆماری هەڵبژاردنەكانی ناوخۆی فیدراسیۆن.

 

 

ماددەی نۆزدەیەم

ڕێکارە پەیڕەوكراوەكان:

  • پلە كارگێڕییەكان (دەسەڵات) لە فیدراسیۆندا، دەبێت بە كردار لە نێوان ئەندامەكاندا دەستاودەست بكات.
  • خۆبواردن ‌و خۆنەپاڵاوتن، تەنها بۆ پۆستی ڕێكخەر ڕێگەپێدراو دەبێت.
  • دوای تێپەڕبوونی دووساڵ، لە وەرزی یەکەمی ساڵی سێیەم، هەڵبژاردن بۆ رێكخەر و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن ئەنجامدەدرێت.
  • فیدراسیۆن دوای تێپەڕبوونی دووساڵ و لە وەرزی یەکەمی ساڵی سێیەم، كۆنفرانس دەبەستێت.

 

بەشى شەشەم

خۆهەڵسەنگاندن

ماددەی بیست

خۆهەڵسەنگاندن

خۆهەڵسەنگاندن بنەمایەکی ڕێکخراوەییە، لەسەر هەموو ئەندامان و ئەنجوومەنەکان جێبەجێدەکرێت، لە بەشی سێیەم لە ناو ڕێبەری کارکردن، پرۆسەی هەڵسەنگاندن ڕوونکراوەتەوە.

 

 

بەشى حەوتەم

هەڵوەشاندنەوەى فیدراسیۆن

ماددەی بیست و یەک

هەڵوەشاندنەوەی فیدراسیۆن

  • بەدەنگی ٣/٤ی ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی، بڕیار لەسەر بەستنی کۆنفرانسی نائاسایی دەدرێت بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەڵوەشاندنەوەی فیدراسیۆن.
  • پێویستە لە دوای پازدە ڕۆژ لە هەڵوەشاندنەوەی فیدراسیۆن هۆكارەكارەكانی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكرێت.
  • لەدوای هەڵوەشاندنەوەی فیدراسیۆن، موڵك و ماڵی گوێزراوە و نەگوێزراوەی فیدراسیۆن دەبەخشرێتە ڕێكخراوێك یان تۆڕێكی نزیك لە ئامانجەكانی فیدراسیۆن بە مەرجێك لە دەرەوەی فیدراسیۆن بێت.

 

 

تێبینی:

ئەم پەیڕەوی ناوخۆیە، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە ڕێککەوتی (١/٢/٢٠٠٧ )دا پەسەندكراوە.

ئەم پەیڕەوی ناوخۆیە، بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی فیدراسیۆن، لە ڕێککەوتی (٢٤/١٢/٢٠١٢) یەكەمین هەمواركردنەوەی بۆ ئەنجامدراوە.

ئەم پەیڕەوی ناوخۆیە، بە دەنگی  زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی فیدراسیۆن، لە ڕێککەوتی (٢٥/١٢/٢٠١٨) دووەمین هەمواركردنەوەی بۆ ئەنجامدراوە.

ئەم پەیڕەوی ناوخۆیە، بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی فیدراسیۆن، لە ڕێککەوتی (١٨/٢/٢٠٢٣) سێیەمین هەمواركردنەوەی  بۆ ئەنجامدراوە.

ئەم پەیڕەوی ناوخۆیە، بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی فیدراسیۆن، لە ڕێککەوتی (03/5/٢٠٢5) چوارەمین هەمواركردنەوەی  بۆ ئەنجامدراوە.