ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی ساڵانە فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان بڵاودەکرێتەوە و پانێلێکیش سازدەکرێت
ئەمڕۆ چوار شەممە ڕێککەوتی (١١/٠٢/٢٠٢٦) لە ئۆفیسی ڕێکخراوی ئازادبوون، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بابان جەعفەر ڕێکخەری فیدراسیۆن، ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی ساڵانەی فیدراسیۆنی بەناونیشانی “مەرگی متمانە، لە رزۆكی دیموكراسییەت و مافی مرۆڤ لەبەردەم عەسكەرتارییەتدا) بڵاوکردەوە و پاشان پانێڵێکیش بە میوانداری بەڕێزان (ئەبوبەکر هەڵەدنی، د.یاد حەمید، هەژار بابان) لەلایەن ڕووناک رەفیق، بەڕێوەچوو.
پوختەی ڕاپۆرتەکە:
ئەمڕۆ ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە تاوەکو ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆمان بخەینە ڕوو، کە تیشک دەخاتە سەر دۆخی دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە ساڵی ٢٠٢٥. ناونیشانی ئەم ڕاپۆرتەمان کورتکراوەی هەموو دۆخەکەیە:(مەرگی متمانە، لە رزۆكی دیموكراسییەت و مافی مرۆڤ لەبەردەم عەسكەرتارییەتدا). ئەم ڕاپۆرتە بەرهەمی کارێکی پێکەوەیی ئەندامانی “فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی”یە، کە تۆڕێكی سەربەخۆی بێلایەنی خۆبەخشە و لە (١٠) ڕێکخراوی ناحکومی و (١٠) چالاکوانی مەدەنی پێکهاتووە. فیدراسیۆن وەک گروپێكی فشار، بە دروشمی (شكۆمەندی مرۆڤ، سەروەریی یاسا، بە كولتووركردنی بەها دیموكراسییەكان) (٢٠) ساڵە کار دەکات و دیدگای سەرەکیی، چەسپاندنی دیموکراسی و داکۆکیکردنە لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و شەفافییەت لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
لە سەرەتادا ئامانجمان بوو ڕاپۆرتەکە تەرخان بکەین بۆ داتا و زانیارییەکانی ساڵی (٢٠٢٥)، بەڵام لە کاتی کارکردندا ئامانجەکەمان گۆڕی، چونکە ساڵانە ژمارەیەک ڕێکخراو و دامەزراوەی میدیایی هەستاون بە بڵاوکردنەوەی داتا و زانیاری پێشێلکارییەکان، بۆیە فیدراسیۆن ئەم ڕاپۆرتەی تەرخانکرد بۆ شرۆڤەی ئەو گرفت و کێشانەی لە دوای ساڵی )٢٠١٤(وە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، هەر لە پەلامارەکانی داعش و دروستبوونی قەیرانی داراییەوە، پاشەکشەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، پەشیمان بوونەوەی پارتە دەسەڵاتدارەکان و حکومەتی هەرێم لە هەموو بەڵینەکانی چاکسازی و لاوازبوونی گروپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
ئێمە لە فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، ئەم ڕاپۆرتە دەخەینە بەردەم ڕایگشتی و ناوەندە بڕیاربەدەستەکان. ئاواتەخوازین ئەم هەوڵە ببێتە مایەی خولقاندنی دەرفەتێکی نوێ بۆ گفتوگۆ لە نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵاتدا، بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک لەو قەیرانە کەڵەکەبووانەی یەخەی هەرێمی کوردستانی گرتووە.
بەڕێزان
کێشەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عێراق نەبوونی یاسا نییە. دەستووری عێراق و یاساکانی هەرێم لەسەر کاغەز وەک پاسەوانی دیموکراسی و شکۆی مرۆڤ دەردەکەون، بەڵام ئەوەی لە واقیعدا دەیبینین “لادانێکی مەترسیدارە”. یاسا لە جیاتی ئەوەی چەترێک بێت بۆ پاراستنی هاووڵاتی، کراوەتە چەکێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگە جیاوازەکان و پاراستنی نوخبەیەکی دیاریکراو.
*تەوەری یەکەم: ئیفلیجی دامەزراوەیی و قەیرانی شەرعییەت:
گەورەترین مەترسی کە ڕووبەڕووی هەرێم بووەتەوە، پەککەوتنی سیستماتیکی دامەزراوەکانە. پەرلەمانی کوردستان کە دەبێت سەرچاوەی یاسادانان بێت، چەندین ساڵە لە کارکەوتووە. سەرەڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کە لە شوباتی ٢٠٢٦ داین، پەرلەمان بەهۆی عورفێکی نایاسایی بە ناوی “دانیشتنی کراوە” و ڕێککنەکەوتنی پارتی و یەکێتی پەکخراوە.
ئەم دۆخە تەنها پەرلەمانی نەگرتووەتەوە؛ دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی دەستپاکی، دەستەی مافی مرۆڤ و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانش ماوەی یاساییان بەسەرچووە و ئیفلیج کراون. حکومەت ئێستا بەبێ هیچ چاودێرییەکی یاسایی، داهات و خەرجییەکان بەڕێوەدەبات، ئەمەش ژینگەیەکی لەباری بۆ گەندەڵی و بڕیاری تاکڕەوانە دروستکردووە.
تەوەری دووەم: یاسا وەک چەکی سیاسی:
ئێمە لە ڕاپۆرتەکەماندا باسمان کردووە کە چۆن یاسای (تێکدانی ئاسایشی هەرێم) و (یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن) بەکاردەهێنرێن بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان. کاری میدیایی و ڕەخنەی ئاشتیانە بە “سیخوڕی” ناوزەد دەکرێت. دۆسیەی “زیندانیانی بادینان” تەنها نموونەیەکە لە دەیان کەیسی تر کە تێیدا دادگا وەک ئامرازێکی سیاسی بەکارهێنراوە.
تەوەری سێیەم: گەمارۆدانی کۆمەڵگەی مەدەنی
کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێم لە نێوان دوو بەرداشدایە: “ئیحتکاری دارایی” و “گەمارۆی ئەمنی “.پارتە دەسەڵاتدارەکان ستراتیژی “ڕێکخراوی سێبەر”یان گرتووەتەبەر. زیاتر لە ٦٠٠٠ ڕێکخراو هەن، بەڵام بودجە و زانیاری و پڕۆژە بۆ چەند ڕێکخراوێکی حزبی و بنەماڵەیی قۆرغ کراون.
هاوکات، دەزگا ئەمنییەکان فشاری بێوێنە دەخەنە سەر ڕێکخراوە سەربەخۆکان؛ داوای مۆڵەتی پێشوەختە بۆ هەموو چالاکییەک دەکەن و تەنانەت داوای دانانی کامێرای چاودێری لەناو ژوورەکانی کارکردن دەکەن، کە ئەمە پێشێلکارییەکی زەقی مافی تایبەتمەندی و ژیانی مەدەنییە.
تەوەری چوارەم: داڕمانی خزمەتگوزارییەکان و کارەساتی کەرتی تەندرووستی
ئەوەی زۆر جێگەی نیگەرانییە، لێکەوتەکانە ئەم دۆخەیە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان.
1. لە کەرتی تەندروستیدا: ئێمە ڕووبەڕووی “کارەساتی دەرمان” بووینەتەوە. ٩٦٪ی هاووڵاتیان دەرمان لە کەرتی تایبەت دەکڕن چونکە نەخۆشخانە حکومییەکان بەتاڵ کراون. بازاڕی دەرمان لە ژێر کۆنتڕۆڵی کۆمپانیا حزبییەکانە و هەرێم بووەتە مەیدانی دەرمانی ساختە و کوالێتی نزم کە لە لایەن گروپە میلیشیاکانەوە هاوردە دەکرێن.
2 . لە کەرتی پەروەردەدا: جیاکارییەکی چینایەتی قووڵ دروست بووە. قوتابخانە حکومییەکان وێران کراون تاوەکو ڕێگە بۆ بازرگانیی قوتابخانە ئەهلییەکان خۆش بکرێت.
3. لە کەرتی وزە و ژینگەدا: گرانیی نرخی کارەبا بارگرانییەکی زیاتری خستووەتە سەر شانی هەژاران. زەوییە سەوزاییەکان و موڵکی گشتی بە ناوی “وەبەرهێنان”ەوە دەدرێنە کۆمپانیا حزبییەکان و ژینگەی هەرێمیان وێران کردووە.
بەڕێزان
ئەنجامی هەموو ئەمانە چییە؟ نەمانی متمانەی هاووڵاتی بە سیستم، زیادبوونی بێکاری گەنجان بۆ ١٥٪، و کۆچکردن وەک تەنها ڕێگەی ڕزگاربوون. هەرێمی کوردستان لە بازنەی دیموکراسییەوە بەرەو حوکمێکی “نادیار و پۆلیسی” هەنگاو دەنێت.
ڕاسپاردەکانمان:
ئێمە لێرەوە داوا دەکەین:
1. پەرلەمانی کوردستان: دەستبەجێ کۆتایی بە “دانیشتنی کراوە” بهێنێت، حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت و شەرعییەت بۆ دامەزراوە چاودێرییەکان بگەڕێنرێتەوە.
2. سەربەخۆیی دادوەری: دادگا و داواکاری گشتی دەبێت لە هەژموونی حزب ڕزگار بکرێن. نابێت یاسای ئاسایش بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان بەکاربێت.
3. کۆنتڕۆڵی بازاڕ: کەرتی دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکان لە دەستی کۆمپانیا حزبییەکان دەربهێنرێن و ژیانی خەڵک نەکرێتە قوربانی قازانجی بازرگانی.
4. کۆمەڵگەی مەدەنی: دەبێت دامەزراوە ئەمنییەکان دەستوەردان لە کاروباری ڕێکخراوەکان ڕابگرن و ڕێز لە یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١١ بگرن.
5. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: داوا دەکەین هاوکارییەکان ببەسترێنەوە بە چاکسازیی ڕاستەقینە و پاراستنی ئازادییەکان، نەک تەنها دروشمی بێ ناوەڕۆک.
لە کۆتاییدا..
کێشەی هەرێمی کوردستان نەبوونی دەق و یاسا نییە، بەڵکو نەبوونی “ئیرادەی سیاسییە” بۆ ملکەچبوون بۆ یاسا. ئێمە وەک ڕێکخراوەکان بەردەوام دەبین لە چاودێریکردن و بەدۆکیۆمێنتکردنی هەموو پێشێلکارییەکان، چونکە بێدەنگبوون لە ئاست ئەم داڕمانە، هاوبەشییە لە تاواندا.




















