لەسەر بەردەوامی پێشێلکارییەکان و تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان
بۆ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق
بۆ نوێنەرایەتیی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان
ئێمە، وەک فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە نیگەرانییەکی قووڵەوە چاودێریی ئەو دۆخە مەترسیدار و پڕ لە پێشێلکارییە دەکەین کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وێڕای نەدانی مووچەی سێ مانگی فەرمانبەرن، زنجیرەیەک ڕووداوی توندوتیژیی سیستماتیک و پێشێلکاریی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ، بوونەتە هۆی دروستبوونی کەشێکی پڕ لە ترس و نائارامی بۆ هاووڵاتیان، چالاکوانان، میدیاکاران و دەنگە ئازادەکان.
هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە نێوان دوو بەرداشدا دەهاڕدرێن: لە لایەکەوە، ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکان و دابەشنەکردنی مووچە و سەرکوتکاریی ناوخۆیی و بوونەتەوە و لەلایەن هێزە ئەمنی و حیزبییەکانەوە. لەلایەکی ترەوە لەژێر هەڕەشەی هێرشی دەرەکیدان کە سەروەریی خاکی هەرێم دەبەزێنێت و ترس و دڵەراوکێی بڵاوکردتەوە.
ئەو ڕووداو و پێشێلکارییانەی کە جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنن:
١. نزیک دەبێتەوە لە مانگی سێیەم کە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم دابەش نەکراوە. لە کاتێکدا داهاتی نەوت و نا نەوت لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بەردەوام کۆدەکرێتەوە، نە خۆیان کارێکیان کردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، نە وەک حکومەتی عێراق داوای دەکات، داهاتەکانی ڕادەستی دەکەن، تا ئەوان مووچە و پێداویستیەکانی خەڵک دابین بکەن، بەڵکو بەرچاوی هەمووانەوە، داهاتی هەرێمی کوردستان خراوەتە خزمەت بەرژەوەندی (کۆمپانیا، میدیا، ڕێکخراو، بارەگا و دامەزراوەکانی حزب).
٢. شەهیدکردنی کارمەندێکی وەزارەتی ناوخۆ، بە ناوی (حەسەن رەحمان) ناسراو بە (حەسەن سەربەرزی) لە شەوی (١٣ی تەمموز) لە خۆپیشاندانی هاوڵاتانی ناحیەی وەرتێ، بۆ داوای کارەبا و مووچە. ئەم تاوانە کە لەلایەن بەرپرسێکی ئەمنییەوە ئەنجامدراوە، نیشانەی گەیشتنی دۆخەکەیە بە ئاستێکی مەترسیدار لە بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ کوشتنی هەموو کەسێکی نا ڕازی.
٣. دەستگیرکردنی چەند مامۆستا و فەرمانبەرێک لە ڕۆژی (١٤ی تەمموز)، لە سلێمانی، کە بە شێوەیەکی مەدەنییانە دەیانویست گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجام بدەن، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر دۆخی مووچە، بەڵام بەداخەوە دووبارە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی پەلاماریاندان و سەرجەمیان دەستگیرکردن و یەکێکیش لەوان بەناوی (د. ئەحمەد ئەمین) بریندارکراوە، ئەمەش سەلمێنەری لێدانی سیستماتیکە لە هەموو ناڕەزایەتییەک لە تەواوی هەرێمی کوردستان.
٤. هێرشکردنە سەر مافپەروەر (شوان سابیر) لە شاری هەولێر، لە رۆژی (١٦ی تەموز) بەڵگەیەکی ترە، لەسەر بەرتەسککردنەوەی تەواوی ئازادی و هەوڵی کپکردنی دەنگی یاساناس و داکۆکیکاران لە هەموو شاروشارۆچکەکانی هەرێم. ئەم کردەوەیە هێرشە بۆ سەر سەروەریی یاسا و شکۆی فەرمانبەران.
٥. لە پاڵ پەلاماردانی خۆپیشاندەران و چالاکواناندا، بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هێرش دەکرێتە سەر تیمە میدیاییەکان، کە ڕوماڵی داخوازییەکانی خەڵک دەکەن، ڕێگرییان لێدەکرێت، کەلوپەلەکانیان دەشکێنرێت یان دەستی بەسەردا دەگیرێت و ڕۆژنامەنووسان بەبێ فەرمانی دادگا دەستگیر دەکرێن. ئەمەش هەوڵێکی تری مەترسیدارە بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و بێدەنگکردنی میدیای ئازاد و ڕێگرتن لە گەیشتنی زانیاریی دروست بە هاووڵاتیان.
٦. لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، چەندین جار شار و شارۆچکەکان، ناوچەی نزیک دانیشتوان، کێڵگە نەوتی و گازییەکان، دەوروبەری فڕۆکەخانەکان، لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی درۆنەوە کراونەتە ئامانج. حکومەتی هەرێم، جگە لە ئیدانەکردنێکی لاواز، هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان نەناوە. حکومەتی فیدراڵیش لە ئاست ئەم پێشێلکارییەی سەروەریی خاکی هەرێم، کە بەپێی دەستوور بەشێکە لە خاکی عێراق، تەنها لیژنەی درووستکردووە و هیچ کاردانەوەیەکی کرداری نەبووە.
ئەم کردەوانە پێشێلکاریی ئاشکرای چەندین یاسا و پەیماننامەی نێودەوڵەتین، لەوانە:
• دەستووری عێراق، ماددەی (١٥) کە مافی ژیان و ئاسایش مسۆگەر دەکات، و ماددەی (٣٨) کە ئازادیی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیانە دەپارێزێت.
• یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان (ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٠)، کە مافی خۆپیشاندانی مەدەنی بە هاووڵاتیان داوە.
• جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، ماددەکانی (٣، ١٩، ٢٠) کە جەخت لەسەر مافی ژیان، ئازادیی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیانە دەکەنەوە.
• پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ICCPR)، کە عێراق واژۆی لەسەر کردووە و پابەندە پێیەوە، تێیدا پاراستنی ژیانی تاک و ئازادییەکان بە ئەرکی دەوڵەت دادەنرێت.
• یاسای کاری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان (ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧)، کە بە ڕوونی لە ماددەی (٧)دا ئاماژە بەوە دەکات “ڕۆژنامەنوس لەبەر ئەو کارەی کە پێی هەڵدەستێت لێپرسینەوەی لەگەڵ ناکرێت،” و ڕێگری دەکات لە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلەکانیان لەکاتی کارکردندا.
لەسەر بنەمای ئەوەی لە سەرەوە باسکرا، ئێمە داوا دەکەین:
یەکەم: لە حکومەتی هەرێمی کوردستان:
١. چارەسەرێکی خێرا و ڕیشەیی بۆ پرسی مووچە بدۆزرێتەوە و چیتر بژێوی خەڵک وەک کارتی فشار بەکارنەهێنرێت.
٢. بەپەلە لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و بێلایەن لەسەر هەموو ڕووداوەکانی کوشتن و هێرشکردنەکان دەستپێبکات و ئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات.
٣. تاوانبارانی هەموو ئەو دۆسیانەی ئاماژەمان بۆکردوون، بدرێنە دادگا و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنرێن، بەتایبەت ئەو بەرپرسە ئەمنییەی کە لە تاوانی کوشتنی (حەسەن سەربەرزی) تێوەگلاوە.
٤. ڕێز لە مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادیی ڕادەربڕین بگیرێت و کۆتایی بە سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان و هێرش بۆ سەر میدیاکاران بهێنرێت.
دووەم: لە حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد:
١. چارەسەرێکی خێرا و ڕیشەیی بۆ پرسی مووچە بدۆزرێتەوە و چیتر بژێوی خەڵک وەک کارتی فشار بەکارنەهێنرێت، لە جیاتی فشار لە خانەنشین و فەرمانبەران، فشاری ڕاستەوخۆ بکاتە سەر سەرۆکایەتی حکومەت و هەموو پارت و لایەنە بەشدارەکانی حکومەت، کە یاری بە چارەنووسی مووچە خۆران دەکەن و دەستوور پێشێل دەکەن.
٢. ئەرکی دەستووریی خۆی لە پاراستنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات و هەڵوێستێکی جیددی بەرامبەر هێرشە دەرەکییەکان هەبێت.
سێیەم: لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (UNAMI):
١. فشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بۆ پابەندبوون بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا.
٢. چاودێریی وردی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بکەن و ڕاپۆرتی خۆیانی لەسەر بڵاوبکەنەوە.
ئێمە وەک فیدراسیۆن، بەردەوام دەبین لە چاودێریکردن و داکۆکیکردن لە مافی هاووڵاتیان، و هەرگیز لە بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانەدا بێدەنگ نابین.
فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
١٧ی تەموزی ٢٠٢٥







