ئەو کەسە ژیرە، پیری لە بیرە

ئەو کەسە ژیرە، پیری لە بیرە

بۆجاری دووەم، رۆژی شەممە، ٢٠-٩-٢٠٢٥، لەسەر لوتفی خۆی بانگهێشتی نوێنەری هەموو ڕێکخراوەکانی ناو فیدراسیۆن و ئەنجوومەنی بەدواداچوون و چەند هاوڕییەکی خۆی کرد، بۆ نیوەڕۆ خوانێک. هەموو ئەوانەی دەیناسن و جارێک ڕێیان کەوتۆتە ئەو ماڵەی هەمیشە دەرگای لەسەر پشتە، ئەوە دەزانن کاک جەلالی ساماغا، چەند خانەدان و خاوەن لوتفە.
ئێمە لەسەر داوای خۆمان لە رۆژی ١٣-٨ی ئەمساڵ، چوینە دیداری ئەو پیاوەی دەیان نازناوی گەورەی لە لایەن خەڵکەوە پێ بەخشراوە، (پیاوی سپی، شۆڕشگێڕێکی تەنها، هتد). کەم لەسەر کاک جەلال وتراوە، چونکە لە نموونەی کەمە، ئەستەمە لە گرنگترین دامەزراوە بەدواداچوون بیت لەسەر گەندەڵی، کەچی لە جیاتی خۆ دەوڵەمەندکردن لەسەر حسابی چاوپۆشی، بە هەزاران ڕاپۆرت لەسەر گەندەڵی بەرزبکەیتەوە و سەدان ملیۆن دینار و دۆلار بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕیتەوە و دەیان نەیاری گەندەڵی خاوەن دەسەڵات بکەیت بە دووژمنی خۆت. کاک جەلال، لەو دەگمەن کەسانەیە، هەمیشە داهاتووی بیربووە و قەد بۆ ئەوساتە نەژیاوە. لە جیاتی خۆشاردنەوە لە خەڵک و چوونە پشت دەرگا داخراوەکان، وەک پیرێکی ئاخر خێر، لەسەر پێیەکانی وەستاوە و ماڵەکەی جمەی دێت لە هاوڕێ و هاوڕێگاکانی و هەمیشە بە دەنگە ئارام و وتە کورت و پوختەکانی هەموان گوڵاو پڕژێن دەکات.
ئێمە دەچین لە دیداری فێربین و سووربین لەسەر دژایەتی گەندەڵی و رێزگرتن لە خۆمان و ناونیشانە گشتییەکانمان کە لە پێناو خزمەتی گشتیدا بەرزمانکردۆتەوە.
 
فیدراسیۆن وێنۆچکە