ڕێبەری کاری

ڕێبەری کاری

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی

 

                                                                      بەشی یەکەم           

پێشەکی و تێڕوانینێکی گشتی

یەکەم: مێژووی فیدراسیۆن

دووەم: ئامانجی ڕێبەر

  1. کردارە ناوخۆییەکانی فیدراسیۆن ڕێکدەخاتەوە، هاوکارییەکانی نێوان ئەندامان باشتردەکات، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی فیدراسیۆن.
  2. فۆڕمی بەڕێوەبردنی ئیداری و شێوازی چاودێری و هەڵسەنگاندنی کارەکان، لەگەڵ چۆنیەتی جێبەجێكردنی سیاسەت، پلان و ئامانجەكانی فیدراسیۆن دیاری دەکات.
  3. ئاسانكارە بۆ وردەكارییەكانی تایبەت بە پڕۆسەكانی بڕیاردان و دەستەبەركردنی بەردەوامێتی (Sustainability) فیدراسیۆن.

سێیەم: چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەم ڕێبەرە

بنەمای دانانی ڕێبەر، پەیڕەوی ناوخۆی فیدراسیۆنە، ئەم دوو بەڵگەیە پێکەوە تەواوی کاروبارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی فیدراسیۆنی تێدایە ڕونکراوەتەوە، پێکەوە وێنەیەکی گشتی لەسەر سنووری کارکردن و ئامانجەکان ڕووندەکاتەوە.

 

 

بەشی دووەم

چەمکە بنەڕەتییەکان

یەکەم: چەمکە تایبەتەکان بە فیدراسیۆن

  1. فیدراسیۆن: تۆڕێكی سەربەخۆی خۆبەخشە لە ڕێكخراوە ناحكومییەكان و چالاكوانانی مەدەنی پێكدێت؛ وەك گروپێكی فشار كاردەكات بۆ بەدیهێنانی بنەماكانی دیموكراسی و بەرگریكردن لە مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و عێراق.
  2. نوێنەر: ئەو کەسانەن کە ڕێکخراوی ئەندام، دیاریان دەکات و دەبێتە ئەندام لە دەستەی گشتی فیدراسیۆن، كە بەرزترین دەسەڵاتە لە فیدراسیۆندا.
  3. چاودێری: كردەی بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیارییە سەبارەت بە ڕەوشی چالاكی و بەڕێوەبردنی كاروبارە ناوخۆییەكانی فیدراسیۆن.
  4. هاوسەنگی: فیدراسیۆن بە هاوسەنگی مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەكانی (حکومی، کۆمەڵگەی مەدەنی، كەرتی تایبەت) دەکات.
  5. بێلایەنی: فیدراسیۆن، بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ هەموو کەس و دامەزراوەیەکی دەرەوەی خۆی دەکات، رێز و پێزانینی بۆ ئەو لایەن و دەزگایانە هەیە كە كاردەكەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجێكی هاوشێوەی ئامانجەكانی فیدراسیۆن.
  6. سەربەخۆیی: هەڵوێست، بڕیار و چالاكییەكانی فیدراسیۆن، زایەڵەی بنەمای كەلتوری دیموكراسی و مافە سیاسیی و مەدەنییەكانن؛ لەدایكبووی هیچ پاڵنەرێكی سیاسی و حزبی نین و نابن و هەموو هەوڵێكی دەستەمۆكردن ڕەتدەكاتەوە.
  7. بەرپرسیارتی: دابەشكردنی بەرپرسیارییەتیە بە پێی پێگە و ڕۆڵی ئەندامان لە فیدراسیۆندا.
  8. خۆبەخش: ئەندام و هەواداری فیدراسیۆنە كە بێبەرامبەر (کات، ماندووبوون، پارە) بۆ سەرخستنی پرسێکی گشتی تەرخان دەکات.
  9. لایەنگری: بەشێکە لەگەندەڵی و بەکارهێنانی دەسەڵات و پێگە، بۆ بەرژەوەندی کەسی یان لایەنێکی سیاسی دیاریکراو.
  10. پێشێلکاری: لادان و پێشێلکردنی پەیڕەو و ڕێبەری کاری ناوخۆی فیدراسیۆنە.

دووەم: چەمکە گشتیەکان

  1. گەندەڵی: بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی سپێردراو بۆ قازانجی کەسی، بە شێوەیەکی گشتی ئەو کارانە دەگرێتەوە کە نائەخلاقی، ناپاک و نایاسایین. واتە کاریگەری خۆیان بەکاربهێنن بۆ ئیستغلالکردنی سەرچاوەکان، دەستکاریکردنی سیستەمەکان، یان لایەنگری هەندێک گروپ یان تاک لە بەرامبەر بەرتیل، وەرگرتنی پارە، یان جۆرەکانی تری سوودی کەسی.
  2. داكۆكیكردن: كارێكی بە كۆمەڵە تێیدا كێشەیەك دەكرێتە تەوەر، خەڵكی بۆ سازدەدرێت‌ و هەوڵ دەدرێت لە رێگەی جێبەجێكردنی پلانی هەڵمەتەکە، کاریگەری درووستبکات و ئامانجەکانی بەدەست بهێنێت.
  3. گروپی فشار: پێكهاتەیەكی مەدەنی كاتییە بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی کاتی پێكدێت.
  4. كۆمەڵگەی مەدەنی: بریتییە لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان (NGOs)، گروپەکانی داکۆکیکردن، سەندیکا و کۆمەڵە پیشەییەکان،گروپە کولتوورییەکان و تاکەکان، کە سەربەخۆ لە حکومەت و کەرتی تایبەت و پارتە بەشدارەکانی ناو دەسەڵات، کاردەکەن بۆ بەرژەوەندی و بەها و پێداویستییەکانی خەڵکی فراوانتر. داکۆکی دەکەن لە ماف و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پاڵپشتی گۆڕینی سیاسەت و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و لێپرسینەوەی حکومەت دەکەن. هانی پێشخستنی هاووڵاتیبوونی چالاک و بەشداریکردنی گشتی لە پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەدەن.

 

 

بەشی سێیەم

شێوازی کارکردن و خۆهەڵسەنگاندن

شێوازی کارکردن بەم شێوەیە ڕێکخراوە

یەکەم: دیدگە

بە كولتوركردنی بەها دیموكراسییەكان لە پێناو شكۆمەندی مرۆڤدا.

*شێوازی داڕشتنی دیدگە، پەیام، ئامانج، پلان و پلانی ستراتیژیی

  1. داڕشتنی دیدگە و پەیام، لە کۆنفرانس ئەنجام دەدرێت.
  2. پێداچوونەوە بە ئامانجەکانی فیدراسیۆن لەسەر بنەمای SMARTER: ئەم پرۆسەیە لە سێ مانگی ئامادەکاری بەستی کۆنفراس لەلایەن ئەنجومەنی بەڕێوەبردن بە بەشداری (٣) ئەندام لە ئەنجومەنی گشتی و (٢) ئەندام لە ئەنجومەنی بەدواداچوون بەڕێوەدەچێت، راپۆرتی ئەم پرۆسەیە و دانانی ئامانجی نوێ ئاڕاستەی کۆنفرانس دەکرێت.
  3. پلان و پلانی ستراتیژی: ئەنجومەنی بەڕێوەبردن لە ماوەی (21) رۆژ لە دوای هەڵبژاردنیان هەردوو پلانەکە ئامادە دەکەن و ئاڕاستەی ئەنجومەنی بە دواداچوونی/ گشتی دەکەن، ئەوانیش لە ماوەی (7) رۆژ، وەڵام دەدەنەوە، ئەگەر تێبینی یان پێشنیار هەبوو، ئ.بەڕێوەبردن لەماوەی (7) رۆژ تێبینیەکان چارەسەر دەکات و دەینێرێتەوە بۆ ئەنجومەنی بەدواداچوون، ئەگەر لەماوەی (3) رۆژ، وەڵامی پەسەندکردن رانەگەیەندرا، پلانەکە بە پەسەندکراو دادەنرێت و دەچێتەوە بواری جێبەجێکردنەوە.
  4. ڕاپۆرتی ساڵانەی هەڵسەنگاندن: پێداچوونەوەیە بە دەسکەوتەکان و كۆسپ و رێگرییەكان. راپۆرتەکە لە لایەن ئەنجومەنی بەدواداچوون، ئامادەدەکرێت و بەر لە (١٠) رۆژ لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی گشتی بۆ ئەندامان دەنێردرێت، ڕێکخەری یان نوێنەری ئەنجومەنی بەدواداچوون ڕاپۆرتەکە پێشکەش دەکات.

سێیەم: ئامرازەکانی پەیوەندی

  1. ئیمەیل: رێگەیەکی سەرەکییە بۆ پەیوەندییە فەرمییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی فیدراسیۆن. ڕێکخەری ئەنجومەنەکان و ئەندامان بۆ کارە فەرمییەکان بەکاری دەهێنن.
  2. سوشیال میدیا: رێگەیەکی نا فەرمی و خێرایە بۆ پەیوەندی نێوان ئەنجومەنەکان و ئەندامانی فیدراسیۆن.
  3. پەڕەی فەرمی فیدراسیۆن: ڕێگەیەکی فەرمییە بۆ گواستنەوەی هەواڵەکانی فیدراسیۆن. ئەدمینی پەیجەکان، لە ڕێکخەر و دوو ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن پێکدێت.

 

 

چوارەم: کاتی کۆبوونەوەکان

  1. یەکەم یەک شەممەی هەموو مانگێک، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن دەکرێت. سێ رۆژ بەر لە کۆبوونەوە بەرنامەی کار دەنێردرێت بۆ بەشداربوانی کۆبوونەوەکە، سێ رۆژ دوای کۆبوونەوەكە، کۆنووس بۆ ئەنجوومەن و کەسە پەیوەندیدارەکان دەنێردرێت. ڕێکخەری ئ.بەڕێوەبردن هەردوو ئەرکەکە رادەپەڕێنێت یان ئەندامێکی ئەنجومەن ڕادەسپێێرێت.
  2. دووەم سێ شەممەی مانگەکانی (٢، ٥، ٨، ١١) کۆبوونەوەی وەرزی ئەنجوومەنی بەدواداچوون دەبێت. سێ رۆژ بەر لە کۆبوونەوە بەنامەی کار دەنێردرێت بۆ ئەندامانی ئەنجوومەن و سێ رۆژ دوای کۆبوونەوەكە، کۆنووس بۆ ئەنجوومەن و کەسە پەیوەندیدارەکان دەنێردرێت. ڕێکخەری ئ.بەدواداچوون هەردوو ئەرکەکە رادەپەڕێنێت یان ئەندامێکی ئەنجومەن ڕادەسپێێرێت.
  3. دووەم شەممەی مانگی (٥)ی هەموو ساڵێک کۆبوونەوەی وەرزانەی ئەنجوومەنی گشتی دەکرێت و چوارەمین کۆبوونەوە، دەکرێـتە کۆبوونەوەی ساڵانە. هەفتەیەک بەر لە کۆبوونەوە بەنامەی کار و راپۆرتی دارایی و چالاکی ساڵی کارکردن، پێشکەش دەکرێت. ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن بەرنامەی کار و راپۆرتەکان ئامادە دەکات، بەراوێژ لەگەڵ ڕێکخەر یان ئەندامانی ئەنجومەنی بەدواداچوون.
  4. دوای دووساڵ و لە وەرزی یەکەمی ساڵی سێیەم، ئامادەکاری بۆ بەستی کۆنفرانس دەکرێت، بەپێی ئەو دەقە، بەستی کۆنفرانسی پێشوو کە لە(3/5/2025) بەسترا، کۆنفرانسی نوێ لە نێوان مانگی (٥ تا ٧ی 2027) دەبەسترێت.

پێنجەم: بەڕێوەبردنی چالاكییەكانى فیدراسیۆن

* بەڕێوەبردنی چالاکییەکان لە ڕێگەی:-

  1. دیاریكردنی هێڵە گشتییەكانی چالاكی.
  2. بەرپرسی یەكەم لە هەر چالاكییەك، بریتییە لە لیژنەی دیاریكراو بۆ چالاكی.
  3. دابەشكردنی ڕۆڵ و ئەركی چالاكی بەسەر ئەندامانی لیژنەدا.
  4. پێشكەشكردنی ڕاپۆرتی كۆتایی تایبەت بە چالاكی.

*بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ پرسەكان، لە ڕێگەی:-

  1. دەسەڵاتە گشتییەكان.
  2. پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.
  3. لەگەڵ پابەندبوون بە (ستراتیژییەکانی پێگەسەنتەری فیدراسیۆن، لە بەشی شەشەم).

شەشەم: ستراتیژی داکۆکیکردن

1.پرسە سەرەکییەکان: شکۆمەندی مرۆڤ، سەروەری یاسا، بەکولتوورکردنی بەها دیموکراسییەکان.

  1. ئامادەبووانی ئامانج: داڕێژەرانی سیاسەت، سەرکردەکانی کۆمەڵگە، خەڵکی ئاسایی.

حەوتەم: پلاندانان بۆ هەڵمەت

  1. چوارچێوەی هەڵمەت: دیاریکردنی ئامانج و پەیامە سەرەکییەکان و دەرئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی ھەڵمەتەکە.
  2. هەڵسەنگاندن: پێوانەکردنی کاریگەريی هەڵمەتەکە و دیاریکردنی بوارەکانی کە پێویستی بە باشترکردنە.
  3. میدیا و پەیوەندییە گشتییەکان: بەکارھێنانی میدیا و پەیوەندییە گشتیەکان بۆ گەیاندنی پەیامی کەمپەینەکە و گەیشتن بە ژمارەیەکی فراوان لە بەردەنگ (وەرگر).

هەشتەم: هەڵسەنگاندن

پرۆسەی هەڵسەنگاندن لەسەر هەردوو ئاستی خۆهەڵسەنگاندن و ئەویتر هەڵسەنگاندن دەبێت، و هەموو شەش مانگ جارێک پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت.

یەکەم: خۆهەڵسەنگاندن:

  • خۆهەڵسەنگاندن: لەسەر بنەمای فۆڕمی ئامادەکراو، هەموو ئەندامێک شەش مانگ جارێک، لە ڕێگەی فۆڕمێکی ئامادەکراوەوە، هەڵسەنگاندن بۆ خۆی و هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنەکانی (گشتی، بەڕێوەبردن، بەدواداچوون) دەکات و ڕیزبەندی ئەندامانیش دیاری دەکات.
  • هەڵسەندگاندنی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن بۆ ئەندامان: ئەم کارە لە ڕێگەی شیکردنەوەی ئەو داتا و زانیارییانەوە دەکرێت کە لە فۆڕمی سەرەوەدا کۆکراوەتەوە، لە پێناو ئامادەکرنی راپۆرتی ئەنجوومەن.
  • هەڵسەندگاندنی ئ.بەدواداچوون بۆ ئەنجوومەنی بەرێوەبردن و ئەندامان: پشتراستکردنەوەی راپۆرتەکان، کە لەسەر بنەمای فۆڕمی هەڵسەندگاندن بەرهەم هاتووە، لە پێناو ئامادەکرنی راپۆرتی ئەنجوومەن و پێشکەشکردنی بە ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی لە کۆبوونەوەکانی ساڵانەی فیدراسیۆندا.

 

دووەم: ئەویتر هەڵسەنگاندن (دیاریکرانی ئەندامی كارا)

لەنێو سەرجەم ئەندامانی فیدراسیۆندا، لە نێوان دوو کۆنفرانسدا، سێ ئەندامی کارا دەستنیشاندەکرێت، لەسەر بنەمای ئەم تایبەتمەندییانەی خوارەوە:-

  • ئامادەبوون لە کۆبوونەوە جۆراو جۆرەکانی فیدراسیۆن.
  • بەشداری كارا لە چالاكی و لیژنەكان.
  • پێشنیارکردنی چالاکی بۆ فیدراسیۆن، ڕێكخراوە ئەندامەكان، ئەندامان.
  • دەستپێشخەریکردن بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی ناو فیدراسیۆن.
  • بە پەرۆشی و بەرپرسانە ڕاپەڕاندنی ئەرک و کارەکان، بەگوێرەی ڕێبەری کارکردنی فیدراسیۆن.

*رێکاری دیاریکردنی ئەندامی کارا:

  • ئەرکی ڕێکخەری لیژنەیە جۆراو جۆرەکانە، کە بۆ چالاکییەکی دیاریکراو پێکهاتووە، ڕیزبەندی کارایی ئەندامانی لیژنەکەی دەسنیشانبکات و پێشکەشی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بکات، ئەویش راپۆرتی لیژنەکان پشتڕاست دەکاتەوە.
  • ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن، ڕیزبەندی کارایی ئەندامانی فیدراسیۆن، دەسنیشاندەکەن.
  • ڕێکخەری فیدراسیۆن، ڕیزبەندی کارایی ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن، دەسنیشاندەکات.
  • ڕێکخەری فیدراسیۆن، بە نووسراوی فەرمی سەرجەم راپۆتەکانی خاڵەکانی (١تا٣)ی سەرەوە، پێشکەش بە ئەنجوومەنی بەدوداچوون دەکات. ئەرکی ئەنجوومەنەکەیە راپۆرتەکان پشتڕاستبکاتەوە.
  • ڕێکخەری ئەنجوومەنی بەدواداچوون، ڕیزبەندی ئەندامانی ئەنجوومەنی بەدواداچوون، دەستنیشاندەکات.
  • هەر ئەندامێکی ئەنجوومەنی گشتی، لەسەر بنەمای فۆڕمی ئامادەکراو، ڕیزبەندی سێ ئەندامی کارای فیدراسیۆن، دەستنیشان دەکەن.
  • ئەنجومەنی بەدواداچوون، لەسەر بنەمای راپۆرت و زانیارییەکانی خاڵی (١- ٦) سێ ئەندامی یەکەمی کارای فیدراسیۆن دیاریدەکات.

*کاتەدیاریکراوەکانی پێشکەشکردنی راپۆرتەکانی ڕیزبەندی:

  • ئەنجوومەنەکان، لیژنە هەمیشییەکانی فیدراسیۆن، ساڵانە راپۆرتی ریزبەندی کارایی ئەندامەکانیان ئامادەدەکەن. بەشی هەڵسەنگاندن و گەشەپێدان دەکات، ئامادەی دەکات، ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پەسەندی دەکات.
  • لیژنە کاتییەکان، بە مانگێک داوی تەواوبوونی ئەرکی لیژنەکە، راپۆری ڕیزبەندی ئەندامانی پێشکەش بە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن/ بەشی هەڵسەنگاندن و گەشەپێدان دەکات.

 

*ئامادەکردنی فۆڕمە بڕیارلێدراوەکان ئەرکی ئەنجوومەنەکانی بەدواداچوون و بەرێوەبردن دەبێت.

 

بەشی چوارەم

ئەرکی بەشەکان لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردن

  • بەشی کارگێڕی و دارایی
  • بەڕێوەبردنی کارگێڕی و دارایی.
  • ئامادەکردنی راپۆرتەکانی وەرزی و ساڵانەی چالاکی و دارایی.
  • کۆکردنەوەی داتا و زانیاری لەسەر ئەدای ناوخۆیی و پێداچوونەوەی ساڵانە بە کارەکانی فیدراسیۆن لەسەر بنەمای سوات.

 

  • بەشی سەرچاوە مرۆییەکان
  • بەرزکردنەوەی توانای ئەندامان و خۆبەخشان، لە ناو فیدراسیۆن و ڕێکخراوە نا حکومییەکانی تر. لەڕێگەی ڕاهێنانی پێویست بۆ ڕۆڵەکانیان.
  • پەرەپێدانی ئەو لێهاتووییانەیە کە دەبێتە هۆی باشترکردنی ئەدای کارکردن و بەشداریکردن لە سەرکەوتنی فیدراسیۆن و ڕێکخراوە ناحکومییەکان.
  • ئامادەکردنی راپۆرتی هەڵسەنگاندن و پێشکەشکردنی پلانەکان تایبەت بە خۆ هەڵسەنگاندن.

 

  • بەشی میدیا و پەیوەندییەکان
  • کاردەکات لەسەر بنیاتنانی پڕۆفایلی گشتی فیدراسیۆن. ڕۆڵەکان بریتین لە:
  • بەڕێوەبردنی وێنەی گشتی فیدراسیۆن و پەیوەندییەکانی لەگەڵ میدیاکان. ئەمەش نووسینی بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی و ڕێکخستنی چاوپێکەوتن دەگرێتەوە.
  • بەرهەمهێنانی (هەواڵ، ڤیدیۆ و نوێکردنەوەی سۆشیال میدیا) کە ئەرک و پڕۆژەکان و کاریگەرییەکانی فیدراسیۆن دەگەیەنێت.
  • بەڕێوەبردنی هەڵمەتەکانی هۆشیاری یان دەستپێشخەرییەکانی داکۆکیکردن بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی گشتی و کاریگەریکردن لەسەر سیاسەتی پەیوەست بە پرسەکانی فیدراسیۆن.
  • ڕێکخستنی بۆنە (ئۆنلاین یان ئۆفلاین) وەک وێبینار، کۆنفرانسی، یان گردبوونەوەی داکۆکیکردن بۆ بەشداریکردنی لایەنگران و لایەنە پەیوەندیدارەکان.

 

 

 

 

  • بەشی چالاکییەکان

بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی چالاکییە سەرەکییەکان و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئەرکەکەی. ڕۆڵە سەرەکییەکان بریتین لە:

  • پلاندانان و سەرپەرشتیکردنی راپۆرتی ساڵانەی (مافی مرۆڤ، سەروەری یاسا، کۆمەڵی مەدەنی).
  • بەدواداچوون بۆ پێشکەوتن و دەرئەنجامەکانی چالاکییەکان و راپۆرتەکان، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئامانجەکانیان بەدیهێناوە. ئەمەش کۆکردنەوەی زانیاری، شیکردنەوە و ڕاپۆرتکردنە.

 

  • بەشی ئەرشیف و گەشەپێدانی سیستەم
  • پاراستن و ڕێکخستنی بەڵگەنامە و ئەرشیف.
  • گەشەپێدانی سیستەمی کارگێڕی و تەکنەلۆژیا.
  • پشتگیریکردنی بەشەکانی تر لە بواری زانیاریدا.

بەشی پێنجەم

سکاڵا و چارەسەری گرفت

یەکەم: سکاڵا

ئەو ناکۆکیانەی درووستدەبن لە ناوخۆی فیدراسیۆن، ناوخۆی ڕێکخراوە ئەندامەکان، فیدراسیۆن و دەرەوەی فیدراسیۆن، لە ئەنجامی سکاڵای لایەنێک یان بوونی هەواڵێک لەسەر پێشێلکردنی پەیڕەو و ڕێبەری کاری فیدراسیۆن، کاری لەسەر دەکرێت. سکاڵاکە پێشکەشی ئەنجوومەنی بەدواداچوون دەکرێت.

دووەم: تایبەتمەندییەكانی ئەو گرفت و ناکۆکیانەی فیدراسیۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكات

  1. لادان لە پەیڕەوی ناوخۆ، ڕێبەری كار، چوارچێوەی دیاریكراوی ئەرك و كار.
  2. كێشەی نێوان ئەندامان، چ کێشەی ناوخۆییەکانی ڕێکخراوی ئەندام بێت، یان ئەندامانی ناو فیدراسیۆن، لەسەر بنەمای(سکاڵا، زانیاری، هەواڵدان).
  3. بەزاندنی دەسەڵاتە دیاریكراوەكانی ناو فیدراسیۆن.
  4. بوونی سكاڵای تایبەت یان زانیاری و بەڵگە لەسەر بوونی گرفت، پێشێلكردنی یاسا بەركارەكان و بەهاكانی كاركردنی كۆمەڵگەی مەدەنی، لە لایەن چالاكوانێك یان ڕێكخراوێكی ئەندامی فیدراسیۆن.

سێیەم: شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ گرفت و ناکۆکییەکان

  1. مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی بونیاتنەر دەبێت و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەناو تۆڕەکەدا لە ڕێگەی گفتوگۆی هاوسەنگانە دەکرێت، بەشێوەیەک لەگەڵ ئامانجەکانی فیدراسیۆن هاوتەریببن.
  2. دوورکەوتنەوە لە شەرمەزارکردنی گشتی و دڵنیابوونەوە لەوەی کە ناوبانگی هیچ تاکێک یان ڕێکخراوێک بە شێوەیەکی نا دادپەروەرانە زیانی پێناگات، مەگەر بەنهێنی بەڕێوەبردنی گفتوگۆکان دژی بنەماکانی پەیڕەو و ڕێبەری کارکردن بێت.
  3. کۆی پرۆسەکە لەناوخۆی فیدراسیۆن بەڕێوەدەبرێت.

 

 

چوارەم: هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشەکان

  1. گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان. ڕێکخەری ئەنجومەنی بەدواداچوون ئەم گفتوگۆیە ڕێکدەخات، ئەگەر بەپێویستی زانی، ڕێکخەری فیدراسیۆن، بانگهێشتی گفتوگۆکە دەکات.
  2. نێوەندگیری لەلایەن ئەندامێک یان لیژنەیەکی بێلایەن. ئەگەر ڕێکخەری ئەنجومەنی بەدواداچوون، بۆی دەرکەوت هەنگاوی یەکەم سەرکەوتوونەبووە، یان لایەنێکی ناکۆکییەکە بەو چارەسەرەی لە هەنگاوی یەکەم پێشنیارکراوە ڕازی نەبوون، پێویستە لە ماوەی سێ رۆژ، رێکخەری ئەنجومەنی بەدواداچوون، دۆسیەکە ئاراستەی ئەنجومەنەکە بکات و ئەوان چارەسەر پێشنیار بکەن.
  3. ئەگەر لایەنێکی ناکۆکییەکە بەو چارەسەرەی لە هەنگاوی دووەم پێشنیارکراوە ڕازی نەبوون، پێویستە لە ماوەی پێنج رۆژ، هەردوو ئەنجومەنی بەدواداچوون و بەڕێوەبردن کۆببنەوە، زۆرینەی سادەی هەردوو ئەنجوومەنەکە پێکەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر شێوازی چارەسەکردنی گرفتەکە بدەن و ئەو بڕیارەش دەبێتە بڕیاری کۆتایی و لەناو فیدراسیۆن تانەی لێ نادرێت.

 

بەشی شەشەم

بەها، ئیتیک و پایەکانی کارکردن

یەکەم: بەها

  1. شەفافیەت: فیدراسیۆن کارەکان بە ئاشکرا ئەنجامدەدات و زانیارییەكان لە نێوان ئەنداماندا هاوبەش دەكات.
  2. لێپرسینەوە: هەرئەندامێكی فیدراسیۆن خودی خۆی و ئەوانی دیكە بە بەرپرسیار دەزانێت لە کار و پابەندبوونەکان.
  3. هاوکاری: یەکێکە لەسەرچاوەکانی هێزی کارکردنی پێکەوەییە، بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان.
  4. داهێنان: هاندان بۆ داهێنان رێچكەی كارمانە، فیدراسیۆن بەدوای چارەسەری داهێنەرانەدا دەگەڕێت بۆ ئاستەنگەکان.
  5. دەستپاکی: ئەندامان بە ڕاستگۆییەوە مامەڵە دەکەن و پابەندن بە بنەما ئاكاری و رەفتارییەكان لە هەموو کاتێکدا.

دووەم: ئیتیک

  • بەهادان بۆ دیدگا و ئەزموون و شارەزاییە جۆراوجۆرەکانی تاک و ڕێکخراوەکان. پێویستە ئەندامان پابەندبن بە دروستکردنی ژینگەیەکی گشتگیر و پێشوازی لە فرەیی بکەن، بەبێ گوێدانە نەتەوە، ڕەگەز، ئایین، یان پاشخان.
  • ئەندامان لە چوارچێوە و پاشخانی جیاوازەوە هاتوون، ڕێز لە سەربەخۆیی خۆیان و ئەوانی تر دەگرن.
  • ئەندامان پێویستە هەوڵی فێربوون لە یەکتر بدەن و سەرچاوەکان هاوبەش بکەن بۆ بەرزکردنەوەی توانای هاوبەش.
  • هەموان کراوەدەبن بۆ ڕاپۆرتکردنی هەڵسوکەوتی نادروست لەناو تۆڕەکەدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بنیاتنەر.
  • پابەندبوون بە بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافی مرۆڤ، چ لەناو فیدراسیۆن و چ لە دەرەوەدا.
  • هەر ناکۆکییەک کاریگەری لەسەر بەرژەوەندیەکانی فیدراسیۆن یان هەر ئەندامێک هەبێت، پێویستە بە ئاشکرا باسبکرێت و چارەسەر بکرێت.
  • پاراستنی ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن ئەندامانەوە هاوبەش دەکرێن، سەبارەت بە گروپ یان توێژێک کە لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە خزمەت دەکرێن. وە وەرگرتنی مۆڵەت پێش ئەوەی هەر زانیارییەکی کەسی یان ڕێکخراوەیی لە دەرەوەی فیدراسیۆن هاوبەشی پێ بکرێت.
  • کارکردن بۆ پاراستنی ژینگە لە کاتی ئەنجامدانی چالاکییەکانی فیدراسیۆن.
  • ئەندامان بەشداری هیچ جۆرە هەراسانکردنێک ناکەن بە(قسەی ناشرین، ترساندن، هەراسانکردنی سێکسی). ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن پۆلەسییەک بەم پرسە ئامادەدەکات.
  • هەموو ئەندامێک مافی ئەوەی هەیە بە کەرامەت و ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، جیاکاری لەسەر بنەمای هەر تایبەتمەندییەکی کەسی قەدەغەیە.

سێیەم: پایەكانی كاركردن

  1. كاركردن بە خۆبەخشی و بە گیانی پێکەوەیی.
  2. سەرچاوەی دارایی فیدراسیۆن بریتی یە لە بەخشینی ئەندامەکانی.
  3. پێكەوە گرێدانی كارگێڕیی و بەڕێوەبردن و چاودێری و بەدواداچوون.
  4. هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی و چارەسەركردنی هەڵە و كەموكوڕییەكان.
  5. ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکانەی لە لایەن (ئەنجومەنەکان یان ڕێکخەر) بە ئەندامان سپێردراوە.
  6. خستەڕووی دەستپێشخەری بۆ کارکردن و هەوڵدان بۆ داهێنان و جیاوازبوون.
  7. نوسینی هەموو دەستپێشخەری و پێشنیارێک و گرنگیدان بە ئەرشیفکردن.
  8. هەموو ئەنجوومەنەکانی بڕیاری تیادا وەردەگیریت جگە لە ئەنجومەنی گشتی پێویستە ژمارەیان تاک بێت.
  9. بەخودی نەكردنی چالاكییەكانی فیدراسیۆن (بۆ چالاكوان یان ڕێكخراو).
  10. گەڕانەوە بۆ فیدراسیۆن بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەکان.
  11. چالاکییەکانی فیدراسیۆن دەسکەوتی گشتین و نابێت وەک دەسکەوتی کەسی و ڕێکخراوەیی وێنابکرێن.
  12. پابەندی ڕێكخراوی ئەندام، بۆ هەموو بەدواداچوون و لێپێچینەوەیەك کە لە لایەن ئەنجوومەنی بەدواداچوون یان بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنەوە بە پێویست بزانرێت، بەهۆی گومانکردن لە لادان لە پەیڕەوی ناوخۆ و ڕێبەری کارکردن.
  13. پابەندی فیدراسیۆن بە پاڵپشتیكردنی ڕێکخراوە ئەندامەکان، لە کاتی پێشێلکردنی مافە یاساییەکانیان.
  14. ئامادەیی ڕێكخراوی ئەندام لە فیدراسیۆن بۆ پاڵپشتیكردن و داكۆكیكردن لە ڕێكخراوە ئەندامەكانی فیدراسیۆن.

 

بەشی حەوتەم

دانانی کاریگەری و سیاسەتی داکۆکیکردن

سیاساتی دانانی کاریگەری لە ڕێگەی

یەكەم: مانەوە و بەردەوامێتی

  1. پابەندبوونی دامەزراوەیی بە دروشم و ئامانجەكانی فیدراسیۆن.
  2. بەردەوام خۆ نوێكردنەوەی فیدراسیۆن لە ڕێیكرانەوە و پەرەپێدان لە بواری ئەندامێتیدا بەپێی مەرجەكانی ئەندامێتی.
  3. كاركردن بۆ بەردەوامبوونی ئەندامە خاوەن ئەزموون و پسپۆڕییەكان، لە رێگەی:
  • پێدانی رۆڵ و دانەبڕاندنی خاوەن ئەزموونەكان لە كارو چالاكییەكانی فیدراسیۆن.
  • راوێژپێكردنیان.
  • پێدانی چیاوگی نوێنەرایەتی سنوردار.
  • بەشداریكردنی دیدار و بۆنەكان، ڕێزلێنانیان.
  1. هەوڵدانی بەردەوام بۆ بەكولتوركردنی كاری پێكەوەیی و بەدیارخستنی ڕۆڵ و بەهای فیدراسیۆن، لە ڕێگەی:
  • بەرهەمهێنانی بڵاوكراوە.
  • ئامادەكردن و بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتی دووساڵ جارەی بەڵگەیی، پەیوەست بە پرسەكانی فیدراسیۆن.
  • بەدیارخستنی چیرۆكەكانی سەركەوتنی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی و تۆڕبەندی.
  • سازدانی بۆنەی رێزلێنان بۆ ئەو ئەندامانەی دە ساڵ کارکردنیان لەفیدراسیۆن تەواو کردووە.
  1. لەبەرچاوگرتن و بەهەند وەرگرتنی ئەرک و ماندووبوونی ئەندامان.

دووەم: بەهەرێمكردنی فیدراسیۆن، بە

  1. فراوانكردنی بازنەی ئەندامێتی بۆ شار وشارۆچكەكانی هەرێم.
  2. دامەزراندنی دەستەی بەڕێوەبردن لە شار و شارۆچكەكانی دیکە.

سێیەم : پێگە سەنتەری فیدراسیۆن، لە ڕێگەی

*رێكارەكانی رێكخستنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی فیدراسیۆن

  1. لە چوارچێوەی بەدیهێنانی ئامانجەكانیدا، فیدراسیۆن پەیوەندی و مامەڵەیەكی هاوسەنگ لەگەڵ دامەزراوەكانی دەرەوەی خۆیدا دەكات.
  2. ڕاگرتنی هاوسەنگی، بێلایەنی و كارنەكردن بە سیاسەتی نەیارانە.
  3. فیدراسیۆن سوود لە توانای كەسانی بە ئەزموون و پسپۆڕ وەردەگرێت و ڕاوێژیان پێدەكات.

*لەئەگەری ئەنجامدانی هاوپەیمانێتی یان كاری هاوبەش ئەمانە لەبەرچاودەگیرێن

  1. هاوبەشەکان دەبێت بەها و ئامانجی هاوشێوەیان هەبێت.
  2. پێویستە هاوبەشییەکان سوودی ڕوون پێشکەش بە هەردوو لایەن بکەن.

* فراوانكردنی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی لەگەڵ تۆڕ و ڕێكخراوە هاوئامانجەكان لە ڕێگەی

  1. بوونی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ تۆڕە و رێكخراوە هاوئامانجەكان.
  2. ئاسانکاری و بەدەمەچوون بۆ ئەنجامدانی چالاكی هاوبەش.
  3. بەردەوامێـتی دەستپێشخەریی فیدراسیۆن بۆ بەدیهاتنی ئامانجە هاوبەشەكان.
  4. بەردەوامێتی ئامادەیی فیدراسیۆن لە بۆنە و چالاكی تۆڕ و ڕێكخراوەكان.

* لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی بەردەوامێتی تۆڕ و ڕێكخراوەكان، بە

  1. پشتیوانیكردنی هەر هەڵمەتێکی داکۆکی بە مەرجێک لە لەگەڵ ئامانجەکانی فیدراسیۆندا ناکۆک نەبێت.
  2. فیدراسیۆن بکرێتە سەرچاوە و بنکەی بەدەستهێنانی زانیاری بۆ ڕێكخراو و تۆڕەكان.
  3. پەرەپێدانی توانا و كارامەیی كاری مەدەنی بۆ ڕێكخراو و تۆڕەكان.

*مامەڵەكردنی فیدراسیۆن لەگەڵ ئاڵەنگارییەكانی دەسەڵاتدا

  1. مامەڵەكردن لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان و پەیڕەو و پڕۆگرامی فیدراسیۆن.
  2. بەكارهێنانی فشاری مەدەنی (سۆشیال میدیا، بەیاننامە، خۆپیشاندان، گردبوونەوەی جەماوەری، مانگرتن، بایكۆت، هەڵمەتی داكۆكیكردن، ڕاپرسی، پەیوەندیكردن بە نێردەی نێودەوڵەتییەكان…هتد).