رۆژی شەمە ٩ی ئایاری ٢٠٢٦، لە ئۆفیسی ڕێکخراوی ئاران، بەشی دووەمی کارەکانی فیدراسیۆن بەڕێوەچوو، کە تایبەت بوو بە سازدانی گفتوگۆیەک لەگەڵ چەند چالاکوانێکی چەمچەماڵ، لەسەر دۆخی خزمەتگوزارییەکان و رەوشی دوای ڕووداوی لافاوەکەی چەمچەماڵ.
ئامادەبوان بە وردی باسیان لە بارودۆخی چەمچەماڵ لە ڕووی خزمەتگوزاری و هەنگاوەکانی ئاسایی بونەوەی باری شارەکە دوای ئەو کارەساتە گەورەیەی بەهۆی لافاوەکەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بەسەریدا هات کرد.
ئەندامانی فیدراسیۆن بە وردی گوێبیستی چالاکوانان بوون و پاش گفتوگۆ و ڕا گۆڕێنەوە، هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە هەرچی زووە ئەو رێوشوێنانەی بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی لافاو گیراونەتەوە بەر تەواو بکرێن و ئەو هاوکاریانەی بۆ چەمچەماڵ کۆکراونەتەوە بۆ بواری گرنگی شارەکە خەرج بکرێن.
ئەندامانی فیدراسیۆن چالاکوانانیان دڵنیاکردەوە کە ئەوان بە تەنیانین، بەڵکو فیدراسیۆن و چالاکوانانی شارەکانی دیکەش دەنگیان دەخەنە پاڵ دەنگیان و هەموو بە یەک دەنگ بەرگری لە مافە مەدەنیەکانی خەڵک دەکەین.
هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە ماوەکانی داهاتوودا چالاکی هاوبەشی بەرفراوان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی چەمچەماڵ و ناوچەکانی تر ئەنجام بدەن و وەک یەک تیم کار بکەن.











وەڵامێک بنووسە